....
پێم بڵێن من چی بكه‌م بۆ ئه‌وه‌ی گریانی كافوریی
ئه‌م زه‌ڵمه‌م لووزه‌ی كه‌م نه‌كات؟
پێم بڵێن من چی بكه‌م بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م جوانووه
سه‌ركه‌شه‌ی هه‌نیسكم ڕام نه‌بێت؟
ده پێم بڵێن من چی بكه‌م ، ، چی نه‌كه‌م؟ بۆ ئه‌وه‌ی
خوا بێته خوارێ‌و هیچ نه‌بێ بۆ تاوێ
له پرسه‌ی ئه‌و « مانگ» ه جوانه‌دا
له‌گه‌ڵمان دانیشێ؟!
پێم بڵێن من چێ بكه‌م؟
پێم بڵێن من
پێم بڵێن!..
پێم..
- له‌م ده‌شته‌دا چۆن وا له پڕ ئه‌م بنجكی زریكانه
گوڵیان كرد‌و بوون به چواڵه؟!
له‌م ده‌شته‌دا، چۆن وا له پڕ ئه‌م گۆرانیه وه‌ریوانه
ڕوانه‌وه‌و بوون به لاله؟!
....
« 16» ی مارت - به‌ر له «نیوه شه‌وی ئه‌و ڕۆژه قرچۆكه»
شازده هه‌نایه‌كی مۆدێرنیزمی شێت
هه‌وایه‌كی دوو ڕه‌گ، له نه‌سلی چه‌پ‌و ڕاستی
سیاسه‌تی ئه‌م دنیا به‌ستۆكه٭.
هه‌وایه‌كی كه‌ته‌ی به ئۆكی٭ له‌خۆبایی
بۆنی ده‌م سیراوی.
كوت‌وپڕ هات‌و كوده‌تایه‌كی زه‌ردی
ئه‌له‌كترۆنی به‌رپا كرد.
ده‌ستی به‌سه‌ر ته‌خت‌و به‌ختی ئاسماندا گرت.
بوو به تاقه فه‌رمانڕه‌وای
ئه‌م مه‌مله‌كه‌ته به‌رینه‌ی به‌هار
ڕێ‌و بانه‌كانی هه‌ناسه‌ی نێوان
ئاسمان‌و زه‌وی به‌ست،
ته‌واوی ده‌رگاكانی ناو به‌هه‌شتی كڵۆم كرد
به‌ده‌نگی تێكه‌ڵی ڕۆژهه‌ڵات‌و ڕۆژئاوا
به‌یاننامه‌ی ژماره یه‌كی خۆی خوێنده‌وه.
هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی ڵه‌ڕینه‌وه‌ی گه‌ڵایه‌ك‌و كه‌متر،
هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی ترووكه‌ی چاوی ئاوێک‌و كه‌متر،
هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی نووزه‌ی كارژۆڵه‌یه‌ك‌و كه‌متر.
چی فریشته‌و حۆری‌و باڵدارو بێ‌باڵ هه‌بوون
كردنی به مۆم بێ ئه‌وه‌ی هه‌ڵیان وه‌رێنێ.
كردنی به شووشه بێ ئه‌وه‌ی بیانشكێنێ
له كه‌نار ئاوی ڕه‌شی ئه‌م ڕۆژه كپه‌دا
پۆل پۆل كۆتره‌كان سپی ئه‌چوونه‌وه
هه‌ر ئه‌وه بوو نه‌یان ئه‌گماند.
له مه‌زراو پاوانه سه‌وزه‌كانی ئه‌م ڕۆژه گێژو وێژه‌دا
ئه‌سپه‌كان ڕه‌وه ڕه‌وه پاڵ كه‌وتبوون
هه‌ر ئه‌وه بوو نه‌یان ئه‌حیلاند.
له‌به‌ر ده‌م ئه‌و هه‌وا شێته‌دا
كێ ئه‌توانێ به پێوه بوه‌ستێ؟
كێ ده‌سته‌و وه‌ستان نابێ؟
هه‌ر له « گاتا» كانی زه‌رده‌شته‌وه
تا « سه‌رمایه»ی ماركس
تا شمشێره‌كانی « ذوالفقار »
ڕشانه‌وه‌و بڵقیان كرد‌و خپ بوون.
ئازایه‌تی ، جوامێریی، بیر‌و باوه‌ڕی ئاگرین
له سه‌نگه‌ره‌كانی خۆیاندا مه‌یین
بێ ئه‌وه‌ی فریای په‌له‌پیتكه‌ی
ته‌قاندنی خۆیان بكه‌ون!.
بۆ ڕۆژی دوایی له یه‌كه به یه‌كه‌ی كۆڵان‌و شه‌قامی
ئه‌م سنگه خنكاوه‌ی مندا
له نێو ماڵانی ئه‌م سی‌یه داڕزیوانه‌ی مندا
فڕان فڕانی په‌راسۆكانم بوو.
فڕان فڕانی گۆرانیه‌كانم بوو.
مناره‌كان دار ئه‌له‌كتریكی ملیان هه‌ڵ‌ئه‌كێشام.
هه‌ندێ ده‌ستی خۆیشم په‌نجه‌كانی خۆمیان ئه‌دزی.
سه‌یر بوو ئه‌و ڕۆژه‌م قه‌ت له بیر ناچێ:
له تاقه ڕاسته شه‌قامی ئه‌م له‌شه سارد‌و سڕه‌دا
چاوی زه‌قم بڕیبووه پاسدارێكی ڕیش نوورانیی
به‌سه‌ر منی هه‌ڵه‌بجه‌وه ئه‌گریاو
كه‌چی خێرا خێرایش ده‌ستی ئه‌كرد به گیرفانیداو
له ده‌نكه مێوژی گلێنه‌كانی سنه‌و سابڵاخی ئه‌خوارد!
ئه‌مه حیكایه‌تی شانزه‌ی مارت بوو
ئه‌مه هاواری خنكاوی ئه‌م سنگه‌م بوو.
.....
شــێركـۆ بــێكـه‌س
٭ به‌ستۆک: ژنی داوێن پیس.
٭ به‌ئۆک: ناشیرین، ناقۆڵا، سامدار.