[ 09.06.2005 ]

ده‌قی یاسای په‌سند‌کراوی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان

 

 ئه‌وه‌ی لێره‌دا بڵاوی ده‌كه‌ینه‌وه‌ ده‌قی یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌ كه‌ ڕۆژی سێشه‌ممه‌ک7.6.2005 له‌ كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستاندا به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ‌ هاته‌ ‌ بڕیار .

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
 

 

یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان – عێراق

به‌شی یه‌كه‌م
حوكمه‌ گشتییه‌كان
ماده‌ی یه‌كه‌م : هه‌رێمی كوردستان – عێراق سه‌رۆكێكی ده‌بێت به‌ ناوی (سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان) كه‌ سه‌رۆكی باڵای ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن ده‌بێت له‌ هه‌رێمی كوردستاندا .
ماده‌ی دووه‌م : هاووڵاتیانی كوردستان – عێراق له‌ هه‌ڵبژاردنی گشتی و راسته‌وخۆدا و به‌شێوه‌یه‌كی نهێنی سه‌رۆكی هه‌رێم هه‌ڵده‌بژێرن كه‌ له‌سه‌ر هه‌ردوو ئاستی نێوخۆ و ده‌ره‌وه‌ نوێنه‌رایه‌تییان ده‌كات و هامه‌هه‌نگیی له‌نێوان هه‌ردوو ده‌سه‌ڵاتی فیدراڵی و هه‌رێمدا ده‌كات .
ماده‌ی سێیه‌م : ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆكی هه‌رێم چوار ساڵ ده‌بێت و ده‌كرێت بۆ دوو ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌ڵبژێردرێته‌وه‌ .
ماده‌ی چواره‌م : پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم هاوكات ده‌بێت له‌گه‌ڵ واده‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستان – عێراق به‌ مه‌رجێك ئه‌مه‌ له‌گه‌ڵ حوكمی ماده‌ی سێیه‌می ئه‌م یاسایه‌ ناكۆك نه‌بێت و له‌ماوه‌ی دیاریكراوی سه‌رۆكایه‌تی كه‌م نه‌كاته‌وه‌ .

به‌شی دووه‌م
مه‌رجه‌كانی خۆكاندیدكردن و ده‌نگدان
ماده‌ی پێنجه‌م : پێویسته‌ كاندیدی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌م مه‌رجانه‌ی تێدا بێت
1- ئه‌و كاته‌ی هه‌ڵده‌بژێردرێت ته‌مه‌نی له‌ 40 ساڵ كه‌متر نه‌بێت .
2- هاووڵاتی و دانیشتووی هه‌رێمی كوردستانی عێراق بێت .
3- له‌ مافه‌ مه‌ده‌نی و سیاسییه‌كانی به‌رخوردار بێت .

ماده‌ی شه‌شه‌م : ده‌نگده‌ر ده‌بێت ئه‌و مه‌رجانه‌ی تێدا بێت كه‌ له‌ یاسای هه‌ڵبژاردنی ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992ی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستان – عێراقدا هاتووه‌ .

به‌شی سێیه‌م
خۆكاندیدكردن و هه‌ڵبژاردن
ماده‌ی حه‌وته‌م :
1- داوای خۆكاندیدكردن بۆ ده‌سته‌ی باڵای سه‌رپه‌رشتیاری هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستان – عێراق پێش ده‌ستپێكردنی هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ ماوه‌یه‌ك كه‌ له‌ 30 رۆژ تێنه‌په‌ڕێت، به‌رز ده‌كرێته‌وه‌ .
2- ده‌سته‌ی باڵا له‌ داوای خۆكاندیدكردن ده‌كۆڵێته‌وه‌ و پاش دوو رۆژ له‌ واده‌ی پێشكه‌شكردنی رایده‌گه‌یه‌نێت .
3- پاڵێوراو مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ له‌ماوه‌ی حه‌وت رۆژ له‌ مێژووی ده‌رچوونیه‌وه‌ له‌به‌رده‌م دادگای ته‌میزی هه‌رێمی كوردستاندا ئیعتیراز له‌سه‌ر بڕیاری قبوڵنه‌كردن پێشكه‌ش بكات .
4- دادگا به‌و ئیعتیرازه‌دا ده‌چێته‌وه‌ و له‌ماوه‌ی دوو رۆژ له‌ مێژووی پێشكه‌شكردنیه‌وه‌ رایده‌گه‌یه‌نێت .
5- ده‌سته‌ی باڵا پێش ده‌ستپێكردنی واده‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ ماوه‌یه‌كدا كه‌ له‌ 15 رۆژ كه‌متر نه‌بێت، ناوی پاڵێوراوان راده‌گه‌یه‌نێت .

ماده‌ی هه‌شته‌م : له‌ هه‌ڵبژاردندا هه‌ر پاڵێوراوێك به‌ زۆرینه‌ی ساده‌ زۆربه‌ی ده‌نگه‌كانی به‌ده‌ست هێنا به‌ سه‌ركه‌وتوو داده‌نرێت .

به‌شی چواره‌م
ئه‌رك و ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێم
ماده‌ی نۆیه‌م : سه‌رۆكی هه‌رێم پاش هه‌ڵبژاردنی و پێش ئه‌وه‌ی ده‌ست به‌كاربێت، له‌به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستانی عێراقدا و له‌ماوه‌ی حه‌وت رۆژدا له‌ به‌رواری هه‌ڵبژاردنیه‌وه‌ ئه‌م سوێنده‌ یاساییه‌ ده‌خوات : "به‌ خوای گه‌وره‌ سوێند ده‌خۆم كه‌ به‌رگری له‌ ماف و ده‌ستكه‌وت و یه‌كێتی و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی هاووڵاتیانی كوردستان بكه‌م و ئه‌ركه‌كانم به‌ ئیخڵاس و راستگۆییه‌وه‌ جێبه‌جێ بكه‌م" .
ماده‌ی ده‌یه‌م : سه‌رۆكی هه‌رێم ئه‌م ده‌سه‌ڵاتانه‌ی خواره‌وه‌ی ده‌بێت :
یه‌كه‌م : ده‌ركردنی ئه‌و یاسایانه‌ی كه‌ ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی هه‌رێمی كوردستان دایانده‌ڕێژێت له‌ماوه‌ی 10 رۆژ له‌ به‌رواری داڕشتنیانه‌وه‌ و مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ئیعتیراز به‌رامبه‌ر ته‌واوی ئه‌و یاسایانه‌ یاخود به‌شێكیان ده‌رببڕێ و جارێكی دیكه‌ بیانگه‌ڕێنێته‌وه‌ به‌رده‌م ئه‌نجومه‌ن تا پێیدا بچنه‌وه‌ و بڕیاره‌كانی ئه‌نجومه‌نیش له‌و باره‌یه‌وه‌ دوا بڕیار ده‌بن .
دووه‌م : ده‌ركردنی مه‌رسوم بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی گشتیی هه‌رێمی كوردستان له‌ حاڵه‌تی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی یاخود له‌ حاڵه‌تی كۆتایی هاتنی ماوه‌كه‌ی، له‌ ماوه‌ی 15 رۆژدا .
سێیه‌م : ده‌ركردنی مه‌رسومی بانگهێشتی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی بۆ یه‌كه‌مین كۆبوونه‌وه‌ی خولی هه‌ڵبژاردن (له‌ماوه‌ی 10 رۆژدا) له‌ به‌رواری راگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌ كۆتاییه‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌، ئه‌گه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا هیچ بانگهێشتێك ئاراسته‌ی ئه‌نجومه‌ن نه‌كرا، ئه‌وا ده‌توانن خۆبه‌خۆ و پاش رۆژێك له‌ تێپه‌ڕبوونی ئه‌و ماوه‌یه‌ی دیاری كراوه‌ كۆببنه‌وه‌ .
چواره‌م : ده‌توانێت به‌ مه‌رسومێك ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌، له‌م حاڵه‌تانه‌دا :
1- ئه‌گه‌ر له‌ نیوه‌ زیاتری ئه‌ندامانی ده‌ستیان له‌كار كێشایه‌وه‌ .
2- ئه‌گه‌ر بانگهێشتی یه‌كه‌مین كۆبوونه‌وه‌ی خولی هه‌ڵبژاردن كرابێ و له‌ماوه‌ی 45 رۆژدا نه‌یتوانی نیسابی یاسایی به‌ده‌ست بێنێ .
3- ئه‌گه‌ر ئه‌نجومه‌ن بۆ سێ جاران له‌دوای یه‌ك متمانه‌ی نه‌دایه‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران .
4- ئه‌گه‌ر په‌یڕه‌وی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌ن گۆڕا و خولی ته‌واوبوونی ماوه‌كه‌ی كه‌متر له‌ شه‌ش مانگی مابوو .
پێنجه‌م : ده‌ركردنی بڕیاری وه‌ها كه‌ هه‌مان هێزی یاسای هه‌بێت، ئه‌وه‌ش پاش گفتوگۆ و رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، ئه‌مه‌ بۆ كاتێك كه‌ هه‌رێمی كوردستان و سیسته‌مه‌ سیاسییه‌كه‌ی یاخود ئاسایشی هه‌رێم و ده‌زگا ده‌ستوورییه‌كانی كه‌وتنه‌ به‌رده‌م مه‌ترسییه‌كی وا كه‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی له‌ توانادا نه‌بێت، به‌ڵام ئه‌م بڕیارانه‌ دواتر و له‌ یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیدا ده‌خرێته‌ به‌رده‌م ئه‌نجومه‌ن، ئه‌و بڕیارانه‌ ئه‌گه‌ر نه‌خرانه‌ روو، یاخود خرانه‌ روو به‌ڵام قبووڵ نه‌كران، ئه‌وا سیفه‌تی یاساییان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن .
شه‌شه‌م : ده‌ركردنی لێبوردنی تایبه‌ت بۆ زیندانیان .
حه‌وته‌م : بڕیاردان له‌سه‌ر حوكمی له‌سێداره‌دان یاخود كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌و حوكمه‌ بۆ زیندانی هه‌تاهه‌تایی .
هه‌شته‌م : راگه‌یاندنی باری نائاسایی به‌پێی یاسایه‌كی تایبه‌ت .
نۆیه‌م : بانگكردنی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بۆ كۆبوونه‌وه‌ی كتوپڕ له‌حاڵه‌تی پێویستدا و بۆ گفتوگۆكردنی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی بۆ گرێ ده‌درێ . سه‌رۆكی هه‌رێم سه‌رۆكایه‌تی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ ده‌كات .

ده‌یه‌م : سه‌رۆكی هه‌رێم به‌ ره‌زامه‌ندیی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی هه‌رێم ده‌توانێت رێگه‌ به‌ هاتنی هێزی سه‌ربازیی حكومه‌تی فیدراڵ بدات .

یازده‌یه‌م : ده‌ركردنی مه‌رسوم به‌ ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران یاخود یه‌كێك له‌ وه‌زیره‌كان ئه‌گه‌ر متمانه‌ له‌ هه‌ركامیان سه‌ندرایه‌وه‌ .

دوازده‌یه‌م : ده‌ركردنی مه‌رسوم به‌ قبووڵكردنی بڕیاری ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران یاخود یه‌كێك له‌ وه‌زیره‌كان و یانیش ده‌توانێت داوایان لێبكات له‌ كاره‌كانیان به‌رده‌وام بن تا وه‌زاره‌تێكی نوێ پێكدێت .

سیازده‌یه‌م : دانانی خاوه‌ن پله‌ تایبه‌ته‌كان له‌سه‌ر داوا یاخود ده‌ستنیشانكردنی له‌لایه‌ن وه‌زیری تایبه‌تمه‌ند و رازیبوونی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌

چوارده‌یه‌م : دانانی حاكم و سه‌رۆك و ئه‌ندامانی داواكاری گشتی پاش كاندیدكردنیان له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ریی هه‌رێمه‌وه‌ .

پازده‌یه‌م : پێدانی پله‌ی سه‌ربازی به‌ ئه‌فسه‌رانی سوپای هه‌رێم و هێزه‌كانی ئاسایشی ناوخۆ و ده‌ركردنیان له‌ خزمه‌ت و خانه‌نشین كردنیان به‌پێی یاسا .

شازده‌یه‌م : پێدانی نیشانه‌ی سه‌ربازیی به‌پێی یاسا .

ماده‌ی یازده‌یه‌م : موچه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم به‌پێی یاسا ده‌ستنیشان ده‌كرێت .
ماده‌ی دوازده‌یه‌م : سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم دیوانێكی ده‌بێت كه‌ پێكهاته‌ و ئه‌ركه‌كانی به‌پێی یاسا ده‌ستنیشان ده‌كرێت .
ماده‌ی سیزده‌یه‌م :
1- سه‌رۆكی هه‌رێم فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت .
2- سه‌رۆكی هه‌رێم جێگرێكی فه‌رمانده‌یی گشتیی هێزی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی كوردستانی ده‌ستنیشان ده‌كات .

ماده‌ی چوارده‌یه‌م : له‌ حاڵه‌تی غیابی سه‌رۆكی هه‌رێمدا له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌ك بێت، سه‌رۆكی ده‌سه‌ڵاتی ته‌نفیزی جێگای ده‌گرێته‌وه‌ .

ماده‌ی پازده‌یه‌م : ئه‌گه‌ر پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێم له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌ك به‌تاڵ بوو، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستان تا كاتی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكێكی نوێ كه‌ له‌ شه‌ست رۆژ تێپه‌ڕ نه‌بێت، كاره‌كانی راده‌په‌ڕێنێت .

ماده‌ی شازده‌یه‌م : ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم به‌ بڕیارێكی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستان – عێراق له‌م حاڵه‌تانه‌ی خواره‌وه‌دا كۆتایی دێت :
1- ئه‌گه‌ر سه‌رۆكی هه‌رێم خۆی داوای كرد .
2- له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌ك بوو نه‌یتوانی ئه‌ركه‌كانی خۆی راپه‌ڕێنێت .
3- ئه‌گه‌ر ( سێ له‌سه‌ر چواری )ی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی له‌ ده‌نگدانێكی نهێنیدا متمانه‌یان لێ ستانده‌وه‌ .

ماده‌ی حه‌ڤده‌یه‌م : سه‌رۆكی هه‌رێم بۆ ولایه‌تی یه‌كه‌می له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستانه‌وه‌ و به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگی ئه‌ندامانی هه‌ڵده‌بژێردرێت . ئه‌مه‌ له‌ حوكمی ماده‌ی دووه‌می ئه‌م یاسایه‌ ئیستیسنایه‌ .

ماده‌ی هه‌ژده‌یه‌م : له‌سه‌ر ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و هه‌موو لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندداره‌كان پێویسته‌ ئه‌م یاسایه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن .

ماده‌ی نۆزده‌یه‌م : ئه‌م یاسایه‌ له‌ به‌رواری ده‌رچوونیه‌وه‌ له‌ رۆژنامه‌ی (وقائع كوردستان) دا بڵاوده‌كرێته‌وه‌ و ده‌چێته‌ واری جێبه‌جێكردنه‌وه‌ .

سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستان – عێراق
 

سه‌رچاوه‌: په‌یامنێر.

 

*********************************

هه‌رله‌و په‌یوه‌ندییه‌‌دا:

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان سوێندی یاسایی خوارد

 

  ده‌نگ‌وباس

  سیاسه‌ت

  كۆمه‌ڵایه‌تی

  هونه‌رو ئه‌ده‌ب

  ژنان

  زانست

  نێونه‌ته‌وه‌یی

  په‌رلان

  ئاگاداری

______________

  ئاڕشیو‌:

05/2005

04/2005

03/2005

02/2005

01/2005

12/2004

11/2004

10/2004

09/2004

08/2004

07/2004

06/2004

05/2004

04/2004

03/2004

02/2004

01/2004

12/2003

[Mediya.Net 2000 - 2005 © Copyright]