[ 14.06.2005 ]

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان

سوێندی یاسایی خوارد

په‌یامنێر: به‌ڕێز مه‌سعود مسته‌فا بارزانی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 14ی حوزه‌یران، له‌به‌رده‌م په‌رله‌مانی كوردستاندا وه‌ك یه‌كه‌مین سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان سوێندی یاسایی خوارد .
به‌م شێوه‌یه‌ش، بۆ یه‌كه‌مین جار له‌ مێژوودا، دوو سه‌ركرده‌ی كورد سه‌رۆكایه‌تی هه‌ریه‌ك له‌ كۆماری عێراق و هه‌رێمی كوردستانیان گرته‌ ده‌ست . هاووڵاتیانی كوردستان، له‌گه‌ڵ ته‌واوبوونی خوێندنه‌وه‌ی ده‌قی سوێنده‌كه‌دا له‌لایه‌ن به‌ڕێز بارزانییه‌وه‌، رژانه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان و ئاهه‌نگی خۆشییان گێڕا .
مه‌راسیمی سوێندخواردنه‌كه‌ له‌ كاتژمێر یه‌كی ته‌واو (به‌كاتی كوردستان) به‌ خوێندنه‌وه‌ی قورئانی پیرۆز ده‌ستی پێكرد و پاشان ئاماده‌بووان ده‌قیقه‌یه‌ك بۆ گیانی پاكی شه‌هیدان به‌ بێده‌نگیی راوه‌ستان .
به‌ڕێز عه‌دنان موفتی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ وته‌یه‌كی كورت ده‌ستپێكردنی دانیشتنه‌كه‌ی راگه‌یاند و پاشان به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی بۆ خواردنی سوێندی ده‌ستووری له‌به‌رده‌م ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی كوردستاندا بانگهێشت كرا و به‌ ته‌واوبوونی سوێنده‌كه‌، ئاماده‌بووانی ئه‌و دانیشتنه‌ و میوانان، هۆڵی په‌رله‌مانیان پڕ له‌ ده‌نگی چه‌پڵه‌ كرد .
ژماره‌یه‌كی زۆری میوانانی كورد و عه‌ره‌ب و بیانی بانگهێشتی ئه‌و دانیشتنه‌ كرابوون و له‌و مه‌راسیمه‌دا ئاماده‌بوون . جگه‌ له‌ سه‌ركرده‌ و نوێنه‌رانی حزبه‌ كوردستانییه‌كان له‌ هه‌موو پارچه‌كانی كوردستان، سه‌ركرده‌ و نوێنه‌ری حزبه‌ عێراقییه‌كان، نوێنه‌رانی هه‌ریه‌ك له‌ باڵیۆزخانه‌كانی ئه‌مریكا و به‌ریتانیا و چه‌ند وڵاتێكی دیكه‌، به‌ڕێز جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆك كۆماری عێراق، حاجم ئه‌لحه‌سه‌نی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق، عادل عه‌بدولمه‌هدی جێگری سه‌رۆك كۆماری عێراق و ئه‌حمه‌د چه‌له‌بی جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و ئه‌شره‌ف قازی نوێنه‌ری ئه‌مینداری گشتیی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ كه‌سایه‌تییه‌ سیاسییه‌ عێراقییه‌كان له‌و مه‌راسیمه‌دا به‌شداربوون .
به‌ڕێز سه‌رۆك كۆماری عێراق و دوابه‌دوای ئه‌ویش سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق و ئینجا عادل عه‌بدولمه‌هدی، به‌ڕێز ئه‌حمه‌د چه‌له‌بی، نوێنه‌رانی ئه‌مریكا و به‌ریتانیا وتاری خۆیان پێشكه‌ش كرد و تێكڕا خۆشحاڵیی خۆیان به‌و رووداوه‌ مێژووییه‌ ده‌ربڕی و پیرۆزبایی خۆیان ئاراسته‌ی گه‌لی كوردستان كرد .
پاشان به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی وته‌یه‌كی پێشكه‌شی میوانان و ئاماده‌بووان كرد .

*********************************

بارزاني : ده‌بێت سیستمی په‌روه‌رده‌ چاك بكرێ و

 له‌ ئاسه‌واره‌كانی به‌عس پاك بكرێته‌وه‌،

 چونكه‌ ئاینده‌مانی له‌سه‌ر راوه‌ستاوه‌

په‌یامنێر: به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی خۆشحاڵیی خۆی به‌وه‌ ده‌ربڕی كه‌ گه‌لی كوردستان و له‌رێگه‌ی په‌رله‌مانی هه‌ڵبژێردراوی كوردستانه‌وه‌، ئه‌ویان وه‌ك پێشمه‌رگه‌یه‌ك بۆ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵبژارد .
هه‌روه‌ها گوتی "پێش 43 ساڵ كه‌ بوومه‌ پێشمه‌رگه‌ و به‌درێژایی ئه‌و ماوه‌یه‌ چه‌ندین سه‌ركه‌وتن و نسكۆ و كاره‌ساتی شۆڕشم بینیوه‌، به‌ڵام هه‌رگیز متمانه‌م به‌وه‌ی كه‌ گه‌لی كوردستان له‌ كۆتاییدا سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست دێنێ، نه‌له‌رزیوه‌ .
بارزانی له‌ مه‌راسیمی سوێندخواردنیدا وه‌ك یه‌كه‌مین سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كه‌ ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ له‌شاری هه‌ولێر و به‌ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌كی زۆری میوانان به‌ڕێوه‌چوو، به‌م قسانه‌ ده‌ستی به‌ خوێندنه‌وه‌ی وتاره‌كه‌ی كرد و تێیدا رایگه‌یاند كه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ بۆ كورد به‌ده‌ست هاتووه‌ به‌ری ره‌نج و خه‌باتی هه‌موو تێكۆشه‌رانی كورده‌، هه‌ربۆیه‌ له‌سه‌ر هه‌موو لایه‌ك پێویسته‌ ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ بپارێزن و په‌ره‌ی پێبده‌ن .
هه‌ر له‌و بۆنه‌یه‌دا گوتی "داوا له‌ هه‌موو لایه‌ك ده‌كه‌م تا بێن و پێكه‌وه‌ به‌خۆماندا بچینه‌وه‌ و لاپه‌ڕه‌یه‌كی نوێی یه‌كێتی و برایه‌تی و پێكه‌وه‌ ژیان هه‌ڵده‌ینه‌وه‌" .
به‌ڕێز بارزانی كه‌ له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ و به‌پێی یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، رۆژی 12ی حوزه‌یران بۆ ئه‌و پۆسته‌ هه‌ڵبژێردرا، له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا گوتی "پێویسته‌ له‌سه‌رمان له‌مه‌ودوا هه‌نگاو به‌ره‌و به‌هێزكردنی بیری نه‌ته‌وه‌یی و په‌ره‌پێدانی گیانی دیموكراسیانه‌ له‌ كۆمه‌ڵگای كوردستاندا بنێین و قه‌یدوبه‌ندی حزبایه‌تی به‌رته‌سك به‌لاوه‌بنێین و لا بۆ ئه‌و رۆژگارانه‌ نه‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ برینه‌كانمان به‌ئازار دێننه‌وه‌ .
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ درێژه‌ی ئه‌و وتاره‌دا له‌سه‌ر به‌رنامه‌ی كاری ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم له‌ماوه‌ی چوار ساڵی داهاتوودا راوه‌ستا و ئاماژه‌ی به‌ پێویستی دووباره‌ بنیاتنانه‌وه‌ی ژێرخانی ئابووریی كوردستان كرد .
له‌و چوارچێوه‌یه‌دا رایگه‌یاند كه‌ ده‌بێت رێگاكانی هاتوچۆ به‌شێوه‌یه‌كی هاوچه‌رخ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا بنیات بنرێنه‌وه‌ و ده‌زگاكانی پۆست و په‌یوه‌ندیی به‌شێوه‌یه‌كی مۆدێرن بخرێنه‌ كار و ئاو و كاره‌با بگه‌نه‌ هه‌موو ناوچه‌یه‌كی كوردستان و قوتابخانه‌ و نه‌خۆشخانه‌ له‌ دوورترین گونده‌كانی كوردستاندا بكرێنه‌وه‌ و په‌ره‌ به‌ سیستمی ته‌ندروستی بدرێت .
هه‌روه‌ها گوتی "ده‌بێت سیستمی په‌روه‌رده‌ چاك بكرێ و له‌ هه‌موو ئاسه‌واره‌كانی به‌عس پاك بكرێته‌وه‌، چونكه‌ په‌روه‌رده‌ بناغه‌ی هه‌موو بواره‌كانی دیكه‌یه‌ و ئاینده‌مانی له‌سه‌ر راوه‌ستاوه‌" .
سه‌باره‌ت به‌ بارودۆخی زانكۆ و خوێندنی باڵاش له‌ هه‌رێمی كوردستان، رایگه‌یاند كه‌ ده‌بێت زانكۆ و په‌یمانگاكانی كوردستان گرنگی تایبه‌تییان پێبدرێ و هیچیان له‌و زانكۆیانه‌ كه‌متر نه‌بێ كه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا هه‌ن .
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌ پێویستیی بنبڕكردنی گه‌نده‌ڵی كرد و جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش كرده‌وه‌ كه‌ ده‌بێت به‌رنامه‌یه‌كی چڕوپڕ بۆ بوژاندنه‌وه‌ی ئابووریی هه‌رێمی كوردستان دابنرێ و هه‌لی كاركردن بۆ هه‌مووان بڕه‌خسێ و هیچ كه‌سێك بێ كار نه‌مێنێته‌وه‌ .
ده‌رباره‌ی ئازادییه‌كانی تاكیش رایگه‌یاند كه‌ ئازادییه‌ گشتی و فه‌ردییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستاندا به‌پێی یاسا بۆ هه‌موو لایه‌ك پارێزراو ده‌بن .
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا له‌سه‌ر زه‌روره‌تی گرنگیدان به‌ توێژه‌كانی لاوان و قوتابیان و ئافره‌تان راوه‌ستا و گوتی "ده‌بێت هه‌موو ئه‌و پرۆژانه‌یان بۆ جێبه‌جێ بكرێ كه‌ پێویستیان پێیه‌تی و رێزی خواسته‌كانیان بگیرێ و به‌تایبه‌تی ده‌بێت رۆڵێكی شیاو به‌ ئافره‌تان بدرێ و هه‌موو ئه‌و كێشه‌ یاساییانه‌ی له‌و رووه‌وه‌ هه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بكرێن" .
له‌ وتاره‌كه‌ی به‌ڕێزیدا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرایه‌وه‌ كه‌ رێز له‌ ئایینی ئیسلام و داب و نه‌ریته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورد ده‌گیرێ و سه‌باره‌ت به‌ ئازادی كاری سیاسیش رایگه‌یاند كه‌ مافی كار و هه‌ڵسوڕانی سیاسی بۆ هه‌موو لایه‌ك پارێزراو ده‌بێت و بۆچوون و پێشنیاره‌كانیان له‌به‌رچاو ده‌گیرێ .
سه‌باره‌ت به‌ ره‌وشی نه‌ته‌وه‌كانیش دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ كوردستان جێی جیاكاریی نه‌ته‌وه‌یی تێدا نابێته‌وه‌ و هه‌موو هاووڵاتیانی كوردستان له‌ ماف و ئه‌ركه‌كانیاندا یه‌كسان ده‌بن .
ده‌رباره‌ی كێشه‌ی كه‌ركوكیش رایگه‌یاند كه‌ ئه‌و كێشه‌یه‌ له‌ ماده‌ی 58ی یاسای كاتیی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌تدا چاره‌سه‌ری بۆ دۆزراوه‌ته‌وه‌ و جگه‌ له‌وه‌ به‌هیچ چاره‌سه‌رێكی دیكه‌ رازی نابین، چونكه‌ ئه‌وه‌ رێككه‌وتننامه‌یه‌ و له‌لایه‌ن هه‌مووانه‌وه‌ مۆر كراوه‌ و بۆته‌ یاسا و ده‌ستوور و پێویسته‌ بێ دواخستن چاره‌سه‌ر بكرێ . هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه‌ گوتی "ئه‌وه‌ی له‌و یاسایه‌دا هاتووه‌ لانی كه‌می مافه‌كانی كورده‌ و به‌ له‌وه‌ كه‌متر رازی نابین" .
سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێش، رایگه‌یاند كه‌ ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم ده‌ست له‌كاروباریان وه‌رنادات و له‌ به‌رامبه‌ریشدا رێگه‌ به‌ده‌ستێوه‌ردانی هیچ وڵاتێكی دراوسێ له‌كاروباری نێوخۆی هه‌رێمی كوردستاندا ناده‌ین .
له‌باره‌ی كوردی پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستانیش گوتی "نه‌ته‌وه‌ی كوردی دابه‌شكراو به‌سه‌ر وڵاتانی دراوسێدا، برایانمان دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ به‌دڵ له‌گه‌ڵیانین و هه‌ست به‌ ئازاره‌كانیان ده‌كه‌ین، هیوادارین له‌ داواكاریی مافه‌كانیاندا رێگه‌چاره‌ی سه‌رده‌می و هاوچه‌رخ هه‌ڵبژێرن" .
له‌كۆتایی وتاره‌كه‌شدا و به‌ناوی گه‌لی كوردستانه‌وه‌ سوپاسی جۆرج بووشی سه‌رۆكی ئه‌مریكا و ئیداره‌ی ئه‌و وڵاته‌ و سوپای ئه‌مریكای كرد كه‌ بڕیاری بوێرانه‌یان له‌ رووخاندنی دڕنده‌ترین رژێمدا یارمه‌تیی خه‌ڵكی عێراقیان دا، هه‌ر به‌هه‌مان شێوه‌ سوپاسی خۆی ئاراسته‌ی تۆنی بلێر سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا كرد . هه‌روه‌ها داوای لێبوردنیشی له‌دانیشتوانی شاری هه‌ولێر كرد كه‌ زۆر جار به‌هۆی گرتنه‌به‌ری رێوشوێنی ئه‌منییه‌وه‌ شه‌قامه‌كانی شاریان لێده‌گرن و سڵاوی بۆ گیانی شه‌هیدانی رێگای رزگاریی عێراق و كوردستان نارد.

*********************************

هه‌رله‌و په‌یوه‌ندییه‌‌دا:

ده‌قی یاسای په‌سند‌کراوی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان

 

  ده‌نگ‌وباس

  سیاسه‌ت

  كۆمه‌ڵایه‌تی

  هونه‌رو ئه‌ده‌ب

  ژنان

  زانست

  نێونه‌ته‌وه‌یی

  په‌رلان

  ئاگاداری

______________

  ئاڕشیو‌:

05/2005

04/2005

03/2005

02/2005

01/2005

12/2004

11/2004

10/2004

09/2004

08/2004

07/2004

06/2004

05/2004

04/2004

03/2004

02/2004

01/2004

12/2003

[Mediya.Net 2000 - 2005 © Copyright]