[ 13.06.2004 ]

له‌یلا زانا: بۆ ئاشتی پێویستیمان به‌ ئاره‌قه‌ هه‌یه‌ نه‌ك خوێن

په‌یامنیَر-Hurriyet –له‌ میتینگی دیمۆكراسی و ئاشتی كه‌ ئه‌مرِۆ له‌ شاری دیاربه‌كر ئه‌نجام درا, له‌یلا زانا داوای ئاشتییه‌كی هه‌میشه‌یی و پایه‌داری كرد له‌ توركیا. زانا له‌ قسه‌كانیدا كه‌ بۆ جه‌ماوه‌ریَكی یه‌كجار زۆری كورد له‌ دیاربه‌كر ده‌یكردن, داوای له‌ كۆنگره‌ی گه‌ل كرد پابه‌ند بیَت به‌ ئاگربه‌ست و لانیكه‌م تا 6 مانگی دیكه‌ دریَژه‌ به‌و ئاگر به‌سته‌ بدات كه‌ له‌ 1998 ه‌وه‌ رایگه‌یاندبوو.
زانا گوتی ئیَمه‌ نابین به‌ داهیَنه‌ری توندوتیژی, ئیَمه‌ ئاشتیمان ده‌ویَت. بۆ ئاشتی پیَویسته‌ ئاره‌قه‌ برِیَژین نه‌ك خویَن.
دوای زانا, خه‌تیب دیجله‌ و ساداك و دۆغان قسه‌یان كرد, ئه‌وانیش ته‌ئكیدیان له‌ سه‌ر ژیانی ئاشته‌وایی كرده‌وه‌ و گوتیان كورده‌كان له‌ هه‌ر جوگرافیایه‌كدا ژیابن, دیَمۆكراسییان ویستووه‌و هه‌وڵیان بۆ داوه‌.

 ---------------------------------------

دێهاپ داوای سه‌رله‌نوێ راگه‌یاندنه‌وه‌ی

ئاگربه‌ست له‌ كۆنگره‌ی گه‌ل ده‌كات


 فرانس پرێس
پارتی گه‌لی دیموكراتی ( دێهاپ ) له‌ توركیا داوای له‌ سه‌ركرده‌كانی كۆنگره‌ی گه‌ل ( په‌كه‌كه‌ی جاران ) كرد سه‌رله‌نوێ برِیار له‌سه‌ر راگه‌یاندنه‌وه‌ی ئه‌و ئاگر به‌سته‌ بده‌نه‌وه‌ كه‌ پاش سالاَنێك له‌ پابه‌ندبوونی یه‌ك لایه‌نه‌ پێوه‌ی، له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌دا به‌ برِیارێك كۆتاییان پێهێنا .
تونجای باقرخان سكرتێری گشتیی حزب له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا له‌ ئه‌نكه‌ره‌ داوای له‌ سه‌ركردایه‌تی كۆنگره‌ی گه‌ل كرد كه‌ دووباره‌ بگه‌رِێنه‌وه‌ بۆ كاركردن به‌و برِیاری ئاگربه‌سته‌ی پێنج ساڵ له‌مه‌وبه‌ر به‌ شێوه‌یه‌كی یه‌كلایه‌نه‌ رایانگه‌یاند .
باقرخان گوتی؛ بۆ به‌رده‌وامیدان به‌ دیالۆگ و خێراتركردنی هه‌نگاوه‌كان به‌ره‌و دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌چاره‌یه‌كی دیموكراسییانه‌ و عادیلانه‌ بۆ كێشه‌ی كورد له‌ توركیا، دووباره‌ كاركردنه‌وه‌ به‌ برِیاری ئاگربه‌ست كارێكی پێویسته‌ .
باقرخان هه‌روه‌ها گوتی؛ راگه‌یاندنی ئه‌و ئاگربه‌سته‌ یه‌كلایه‌نه‌ له‌لایه‌ن پارتی كرێكاران كه‌ پێنج ساڵ له‌مه‌وبه‌ر و له‌پاش ده‌ستگیركردنی ئۆجه‌لانه‌وه‌ راگه‌یه‌ندرا، هه‌لێكی گه‌وره‌بوو بۆ هێوربوونه‌وه‌ی بارودۆخی توركیا به‌ گشتی و هه‌روه‌ها بواری ئه‌وه‌شی بۆ كۆمه‌ڵگای كوردیی ره‌خساند تا له‌ بواره‌كانی كۆمه‌لاَیه‌تی و ئابووری و رۆشنبیرییه‌وه‌ كه‌مێك گه‌شه‌ بكات .
سه‌رۆكی دێهاپ هه‌روه‌ها به‌ گه‌شبینییه‌وه‌ له‌ په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی سه‌ر گۆرِه‌پانی سیاسی توركیای ده‌رِوانی و، رایگه‌یاند كه‌ ده‌ستپێكی په‌خشی ته‌له‌فزیۆنی به‌ زمانی كوردی و ئازادكردنی له‌یلا زانا و هاوه‌ڵه‌كانی له‌م رۆژانه‌دا هه‌ندێ هه‌نگاوی پۆزه‌تیڤن كه‌ ده‌كرێت هه‌نگاوی دیكه‌شیان به‌دوادا بێت .

 

---------------------------------------

ئۆجه‌لان: له‌یلا زانا و خه‌تیب دیجله‌ نویَنه‌ری منن
 

 سه‌رۆكی له‌ به‌ندكراوی ریَكخراوی PKK, عه‌بدوڵلاَ ئۆجه‌لان له‌ زیندانی ئیمرالیی توركیاوه‌ رایگه‌یاند كه‌ له‌یلا زاناو خه‌تیب دیجله‌ ده‌توانن نویَنه‌رانی ئه‌و بن له‌ ده‌ره‌وه‌.
به‌ پیَی هه‌واڵی سایتی Rizgari , سه‌رۆكی پیَشووی پ.ك.ك له‌و دیداره‌ هه‌فتانه‌یه‌یدا كه‌ هه‌موو چوارشه‌موان له‌ گه‌ڵ پاریَزه‌ره‌كانیدا هه‌یه‌تی رایگه‌یاندووه‌ كه‌ له‌یلا زانا وه‌ك نویَنه‌ری ئه‌و واباشه‌ له‌ بروكسه‌لی پایته‌ختی به‌لجیكا بیَت و خه‌تیب دیجله‌ش له‌ ناوخۆی توركیا كار بكات.
ئۆجه‌لان گوتویه‌تی من پیَویستیم به‌ سیَ نویَنه‌ر هه‌یه‌ كه‌ سیَیه‌میان ده‌بیَ له‌ عیَراق بیَت. هه‌روه‌ها ته‌ئكیدی له‌وه‌ كردۆته‌وه‌ كه‌ ده‌بیَ هه‌موو قورسایی خۆیان بخه‌نه‌ سه‌ر ئه‌وروپا.

 

 

  ده‌نگ‌وباس

  سیاسه‌ت

  كۆمه‌ڵایه‌تی

  هونه‌رو ئه‌ده‌ب

  ژنان

  زانست

  نێونه‌ته‌وه‌یی

  ئاگاداری

 

 

 

[Mediya 2000 - 2004 © Copyright]