بۆ
ئێمه‌ی ژنانی كورد ئه‌سڵه‌ن كوردستان دابه‌ش نه‌بووه
• گفتوگۆی عیفه‌تی ماهباز ده‌گه‌ڵ روئیا تلووعی
وه‌رگێر: س. چ. هێرش
سه‌رچاوه:
gzing.org

تریبۆنی فێمینیستیی ئێران
روئیا تلووعی خاوه‌نی دوكتورای زانستی ئازمایشگایی، له‌دایكبووی
1345ی شاری بانه‌یه و ئێسته له شاری سنه لابراتوارێكی تایبه‌تیی
به‌ڕێوه‌ده‌با. ئه‌و، له پاڵ كاری پزیشكیدا، له به‌ستێنی شێكردنه‌وه‌ی كێشه‌ی
ژنانی كورد، خه‌ریكی نووسین و لێكۆڵینه‌وه بووه. روئیا ئه‌ندامی شۆڕای
نووسه‌ران و یه‌كێك له به‌رپرسانی لاپه‌ڕه‌ی ژنانی حه‌وته‌نامه‌ی (ئاسۆ) له
كوردستانه.
ماهباز: هه‌ڵسه‌نگاندنی ئێوه له باره‌ی فێمینیسم و
بارودۆخی ژنان له ئێران‌دا چییه؟
ــ له‌ڕاستیدا ئه‌گه‌ر هه‌ڵكه‌وتی گشتیی ژنانی ئێران سه‌باره‌ت به فێمینیسم
لێكبده‌ینه‌وه ده‌بینین كه له هه‌لومه‌رجی ئێسته‌دا بارودۆخ بۆ فێمینیسم زۆر
له‌بار نییه. بۆچی؟ چونكه له‌وێ به‌كرده‌وه مافی ژنان ده‌خرێته‌ژێرپێ و
ئه‌وه‌ش ڕاستییه‌كه. هێشتا پیاوسالاریی وێڕای شكڵ و شێوه‌كانی هه‌روا
ماوه‌ته‌وه و ژنگه‌لێكمان هه‌س كه به هۆی بیروباوه‌ڕی نزم و نه‌ریتی
له‌مێژینه چاره‌نووسی خۆیان قه‌بوڵ كردووه. دایكانی ئێمه ڕه‌نگه بڵێن: «
به‌سه ئیدی ژن ئه‌مه‌سه، ئیتر چیتان گه‌ره‌كه، تۆ كه زیاتر له ژنگه‌لی تر
مافت هه‌س»، وه یان له‌وانه‌یه به‌شێك له ژنان فكرنه‌كه‌نه‌وه؛ به‌شێكیان
ته‌واو سوننه‌تین؛ ژنانێك كه كوێله‌تی به چاره‌نووسی حه‌تمیی ژن ده‌زانن و
قوبوڵیان كردووه كه ژێرده‌ستی پیاو و لایه‌نگری ژنی پاكداوێنی به‌ڕوومه‌ت بن.
ژنگه‌لێكی تریش هه‌ن كه بیروباوه‌ڕیان به‌م چه‌شنه نییه. خه‌ڵكی زۆرینه
ژیانیان به شێوه‌یه‌ك هه‌ڵده‌سووڕێنن. ڕه‌نگه هه‌ر بۆیان گرینگ نه‌بێ كه له
ده‌وروبه‌ریان چ تێده‌په‌ڕێ. ژنانێكی دیكه‌ش هه‌ن كه نووسه‌ر یان هێزی سیاسی
نین به‌ڵام سه‌باره‌ت به ژیانیان فكرده‌كه‌نه‌وه و هه‌بوونیان له
كۆمه‌ڵگه‌دا گرینگه. ئه‌وان ئامرازی پێوه‌ندیی چالاكان ده‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ن و
چینێكن ده‌توانن له توێژگه‌لی خوارووی كۆمه‌ڵگه له‌رزینێك به‌دیبێنن. چینێك
له ژنانیش هه‌ن كه به پشكی هه‌ڵبژارده ده‌ژمێردرێن. له ژنانی فێمینیستیی
ئیسلامی ڕا بگره تا ده‌گاته ژنانی لائیك. به‌ڵام زۆرێك له‌وانه ئازایی
ده‌ربڕینی فێمینیست بوونیان نییه. هێندێكیش هه‌ن كه له پاڵ بزووتنه‌وه‌ی
ژناندا تێده‌كۆشن، ئه‌گه‌رچی بزووتنه‌وه هێشتا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و
ڕێبه‌رایه‌تی خۆی نه‌دۆزیوه‌ته‌وه و یه‌كگرتوو نه‌بوون، به‌ڵام بزاوتگه‌لێك
له پێناو جووڵانه‌وه‌ی دێمۆكراتیكی ژنان له حاڵی په‌ره‌گرتن دایه. خاتوو
شادی سه‌در وتارێكیان له بواری ڕه‌خنه‌ی مه‌سه‌له‌كان نووسیبوو، هه‌روه‌ها
پشكێكیش له ژنانی خاوه‌نی ده‌سه‌ڵات یان نزیك به خاوه‌نانی ده‌سه‌ڵات
باسگه‌لێكیان مه‌تڕه‌ح كردووه.
ماهباز: تا ئه‌و جێیه‌ی من بزانم، خاتوو سه‌در، له ژنانی خاوه‌نی ده‌سه‌ڵات
ناژمێردرێ.
ــ مه‌به‌ستم ئه‌مه نه‌بوو كه خاتوو سه‌در خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاته.
ماهباز: تكایه سه‌باره‌ت به ژنانی خاوه‌نی ده‌سه‌ڵات له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێران‌دا
باس بكه‌ن.
ــ جووڵانه‌وه‌ی ژنانی ئێران ته‌نانه‌ت ئه‌وانیش ده‌گرێته‌وه. بۆوێنه، من
ده‌گه‌ڵ باوه‌ڕگه‌لی خاتوو شیرینی عیبادی كه ئێستاش هیوای به ڕێفۆرم هه‌یه،
له‌وانه‌یه هاوبه‌ر(هاوڕا) نه‌بم به‌ڵام وه‌ختێك له ده‌ره‌وه‌ی وڵات
له‌چكه‌یان نییه و ڕاده‌گه‌یێنن كه له‌چكه ته‌نیا بۆ ڕێزلێنان له قانوونی
وڵات له ناوه‌وه له‌به‌رچاوده‌گرن ئه‌م كاره‌ی ئه‌وان به باش و شوێندانه‌ر
ده‌زانم.
ماهباز: خاتوو عیبادی گه‌لێك كاری باشی دیكه‌یان هه‌یه.
ــ گوتم كه من هیچ شتێك سپی یان ڕه‌ش نابینم. هه‌ركه‌س كارگه‌لێكی باشی هه‌یه
و من ده‌گه‌ڵی هاوبه‌ر و كارگه‌لێكیشی هه‌س كه به لای منه‌وه ناباش و من
ده‌گه‌ڵی دژبه‌رم. ئه‌من خۆم به فێمینیست ده‌زانم. له ئێران كاری ڕاگه‌یاندن
له سه‌ر فێمینیسم زۆر بووه و واژه‌ی فێمینیسم له ده‌وه‌ره‌یه‌كدا
قه‌ده‌غه‌كراو بوو و زۆر خراپ و لادراو ده‌كارده‌هات، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له
زۆربه‌ی ژنانیان پرسیبا فێمینیسم چییه؟ ده‌یانگوت: «یانی ژنانێك كه
هاوجینسبازی په‌ره‌پێده‌ده‌ن» و سوورهه‌ڵده‌گه‌ڕان و ته‌ریك ده‌بوونه‌وه.
ماهباز: ئه‌گه‌ر بمه‌وێ به‌وردی بێژم حه‌وت ساڵ له‌وه‌پێش لێكۆڵینه‌وه‌گه‌لێك
كه له ئێران له توێژگه‌لی جۆراوجۆر له‌م باره‌یه‌وه ئه‌نجام درا،
وه‌ڵامه‌كان ده‌به‌رگری زانیاریی ڕێژه‌یی ژنان له سه‌ر ئه‌م بابه‌ته بوو.
ــ نه‌زه‌ری من ئه‌وه‌یه كه بۆ زۆرێك له ژنانی ئێران كاره‌كه وا
شوبهێندراوه كه فێمینیسم مه‌سه‌له‌یه‌كی ناڕه‌وشتی یه، له حاڵێكدا ئه‌وه
وا نییه. ڕه‌نگه هێندێك له ژنانی فێمینیست لایه‌نگیرییان هه‌بێ و یان ئه‌م
لایه‌نگیرییه به ناباش نه‌زانن.
ماهباز: ئێوه خۆتان چ تاریفێكتان بۆ فێمینیسم هه‌یه؟
ــ ئه‌من خۆم به جۆرێك سۆسیال فێمینیسم و لیبراڵ فێمینیسمم پێ باشتره.
ماهباز: ئایا ئه‌و بۆچوونه‌ت ده چوارچێوه‌ی ئیده‌ئۆلۆژییه‌كی تایبه‌تدا
ده‌گونجێ؟ یان...
ــ ئۆلگوی من وڵاتانێكن كه تێیاندا دێمۆكراسی و پێگه‌یشتوویی و ئازادی بۆ
كۆمه‌ڵ له ئارادایه بۆوێنه وڵاتی سوێد بۆ من ئیده‌ئاله (سیستمێكی سۆسیال
دێمۆكرات كه پێگه‌یشتووییه‌كی باش بۆ ژنان به‌دیبێنێ). یان بواری لیبراڵ
فێمینیسم كه هێندێك بنه‌ماگه‌لی قانوونی به قازانجی ژنان ده‌یانه‌وێ ئه‌نجام
بده‌ن ئه‌وه‌ش بۆ من ئیده‌ئاله. قانوون شتێكی باشه. من پێموایه كۆنڤانسیۆنی
لابردنی جیاوازیی له‌دژی ژنان ده‌بێ په‌سند بكرێ و له توێی كتێبه‌كاندا گوم
نه‌بێ و به‌كرده‌وه ڕاپه‌ڕێندرێ. من كۆنڤانسیۆنم وه‌رگێڕاوه‌ته‌وه. له خاڵی
16 به دواوه باسه‌كه‌ی سه‌باره‌ت به شێوه‌ی ڕاپه‌ڕاندنه، ئه‌م بوارگه‌لانه
گرینگیی ڕاپه‌ڕاندنی قانوون نیشانده‌ده‌ن. به‌هه‌رحاڵ، ئه‌من ده چوارچێوه‌ی
ئیده‌ئۆلۆژییه‌كی تایبه‌تدا ناگونجێم. مونته‌ها هه‌وڵده‌ده‌م له هه‌ر كامیان
بوارگه‌لی باش وه‌رگرم، چاكه‌كانیان گوڵبژێركه‌م.
ماهباز: ئێوه له سه‌ره‌تای قسه‌كردنی خۆتاندا له «بونیادی لێكۆڵینه‌وه‌گه‌لی
ژنان ــ كۆنفڕانسی پازده‌هه‌م» گوتتان: ئه‌من هه‌ر ئه‌م ژنه‌م كه هوما ناتیق
له قسه‌كردنه‌كانیدا لێی دووا» ده‌توانن مه‌به‌ستی خۆتان ڕوونتر بڵێن؟
ــ خاتوو ناتیق سه‌باره‌ت به ژنانی ئێران گوتیان كه «فكرنه‌كه‌نه‌وه هه‌موو
ژنان ده‌توان ده ێئده‌ئۆلۆژییه‌كی تایبه‌تدا بگونجێن، ژنانێك هه‌ن كه نینۆك
ده‌هێڵنه‌وه، لاك لێده‌ده‌ن و كارگه‌لی باشیش ئه‌نجام ده‌ده‌ن كه
شوێندانه‌ریشن». دۆستان به منیان گوت كه له كه‌شی كۆنفڕانسدا له‌وانه‌یه
ده‌گه‌ڵ هه‌ڵسوكه‌وتی توندی ئیده‌ئۆلۆژی ڕووبه‌ڕوو ببی و یان هێندێك كه‌س،
ساڵانێكه ناسیۆنالیزم به وشه‌یه‌كی قه‌ده‌غه‌كراو ده‌زانن و به‌م بۆنه‌وه،
ئیتكێتگه‌لێكی له‌پێش ئاماده‌كراویان هه‌یه كه پێته‌وه ده‌نووسێنن. ئه‌من
نه فێمینیستێكی ئیسلامیم و نه فێمینیستێكی ماركسیست، به‌ڵكه ژنێكم كه خاتوو
هوما ناتیق نواندی. هه‌وڵده‌ده‌م له ژینگه‌ی دوروبه‌رم شوێنی باش دابنێم،
ئه‌من ڕادیكاڵ، یان ڕه‌ش و سپی ناڕوانمه مه‌سه‌له‌كه.
ماهباز: به‌ڵام قسه‌گه‌لێكی كه كردتان وه‌ك بیسه‌ر، پێموایه ڕه‌نگ و بۆیه‌كی
دیكه‌شی هه‌بوو! ئایا ئه‌وه به هۆی كوردبوونتانه‌وه‌یه؟ به‌خاتری فه‌رق و
جیاوازیگه‌لێكه كه له‌مێژه سه‌باره‌ت به كه‌مایه‌تییه ئێتنیكییه‌كانی
دانیشتووی ئێران سه‌پێندراوه و له سۆنگه‌ی هه‌لومه‌رج و سته‌مێكه كه خه‌ڵكی
كورد كێشاویانه و، ڕه‌نگه ئه‌و وێژیاگه‌ی ئێوه به‌شێكی كه پێوه‌ندی به
حیزبانه‌وه هه‌یه ئیده‌ئۆلۆژیی ئه‌وان بگرێته‌وه كه به‌ناچاری وه‌ك
لێكۆڵه‌ره‌وه‌یه‌ك، ئه‌و بابه‌تانه‌ت له قسه‌كردنه‌كانتدا گونجاند. ڕه‌نگه من
ئه‌وڕۆ له ژیاندا به‌م ئاكامه گه‌یشتبم كه وه‌دوای ئیده‌ئۆلۆژی كه‌وتن بۆمن
خه‌تایه به‌ڵام پێموانییه بۆ ئیدیكه‌ش خه‌تا بێ! ئێوه چ ده‌بێژن؟
ــ ئایا ئێوه له قسه‌كردنه‌كانی مندا هه‌ستتان به‌وه‌كرد كه له كۆمه‌ڵێكی
تایبه‌ت دووام كه هه‌ڵسوكه‌وتی ئیده‌ئۆلۆژیم هه‌بێ؟ به نێوگه‌لێكی تایبه‌تیم
ئاماژه‌كرد؟
ماهباز: كۆكراوه‌ی قسه‌كانتان وای ده‌حایشاند و له پاڵه‌وه‌ش ده‌یتوانی ئاوا
لێكبدرێته‌وه، كه كوردستان ده چوارچێوه‌ی ئێران‌دا نه‌گونجێ! وه ئه‌وه له
ڕوانگه‌ی منه‌وه ده‌گه‌ڵ بیروباوه‌ڕی كه‌سانێك وه‌ك قاسملوو، له ڕێبه‌رانی
كوردی ئێران كه‌سایه‌تییه‌كی ڕێفۆرمخواز، كه ده‌یهه‌ویست كوردان ده
چوارچێوه‌ی ئێران‌دا بژین و خوازه‌ری كۆمارێكی فێدراتیڤ بۆ ئێران بوو{جیاوازی
هه‌بێ}، ئه‌و كۆششێكی زۆری بۆ به‌ره‌وپێشبردنی ئه‌و ڕوانگه‌یه له‌پێناو
لابردنی سته‌می نه‌ته‌وایه‌تی بۆ خه‌ڵكی كورد كرد و گیانی خۆشی له سه‌ر ئه‌م
ئامانجه دانا: كۆكراوه‌ی قسه‌كانت ئه‌و پرسیاره‌ی پێكهێنا و ئه‌وه‌ش كه ئێوه
چیتان گه‌ره‌كه؟
ــ وێژیاگه‌كه سه‌باره‌ت به ژن و مۆدێرنیته بوو كه من له‌ڕاستیدا دوو سێ
نموونه‌م له‌مه‌ڕ ئێران باسكرد، كه دواتر هاتمه سه‌ر باسی نه‌خشی ژنان له
ئێران، باسی ئه‌مه‌م كرد كه نه‌خشی ژنان له چیدا بووه و، من باوه‌ڕم به
نه‌خشی ژنان هه‌یه.
به‌ستێنی مۆدێرنیته له ئێران‌دا ئه‌وا دێ ئاماده‌ده‌بێ. له‌م دواییانه‌دا له
لایه‌ن بونیاده‌وه زه‌نگیان بۆ لێدام و گوتیان كه ئێوه چل ده‌قیقه ماوه‌تان
هه‌یه و ده‌مانه‌وێ سه‌باره‌ت به نه‌خشی ژنان له كوردستانیش قسه بكه‌ن.
منیش گوتم «كوێر چی ده‌وێ دووچاوی ساغ» و ئه‌گه‌ر له‌و باره‌یه‌وه وتارم هه‌بێ
زۆریش خۆشحاڵ ده‌بم كه گێره‌وكێشه‌ی ژنانی كوردستان له ڕوانگه‌ی خۆمه‌وه
بێنمه‌گۆڕێ. به پێویستم زانی له سه‌ره‌تاوه كوردستان بناسێنم و دواتریش
ژنانی كوردستان. بۆچ ئه‌م كاره‌م كرد؟ له پێشه‌كیشدا گوتم، چونكه ڕێژیمه‌كانی
ئێران كورده‌كانیان به یاغی و جیاوازیخواز ناساندووه و ڕوانگه‌یه‌كی
پانئرانیستیش هه‌میشه زاڵبووه كه كورده‌كان ئێرانین و مه‌سه‌له‌یه‌كیان
نییه كه بیهێننه‌ئاراوه و، ئه‌گه‌ریش شتێكیان گوت ئه‌وا به جیاوازیخواز له
قه‌ڵه‌م ده‌درێن. هیچكات تێگه‌یشتنێكی واقیعی سه‌باره‌ت به كوردان له ئارادا
نه‌بووه.
ئێمه ده‌گه‌ڵ میلله‌ت موشكیله‌یه‌كمان نییه، میلله‌ت ڕێز بۆ ئێمه داده‌نێ و
ئێمه‌ش ڕێزیان بۆ داده‌نێین. پێویست بوو به مێژووی كوردستان ئیشاڕه بكه‌م كه
ڕه‌نگه بۆ هێندێك كه‌س ئه‌و پرسیاره هاتبێته‌گۆڕێ بۆچی كوردستانی ئێران،
كوردستانی توركیا، كوردستانی سوریا و كوردستانی عێراق؟ بۆچی ئاپۆره‌یه‌كی 30-40
میلیۆنیی به سه‌ر چوار وڵات‌دا دابه‌شكراون؟ بۆچی كوردستان ده‌بێته كه‌مایه‌تی
و سه‌ركوت ده‌كرێ...
ماهباز: به نه‌زه‌ری من خه‌ڵك بۆخۆیان یانی ئێرانییه‌كان پێكه‌وه
مه‌سه‌له‌یه‌كیان نه‌بێ؟
ــ ئه‌من له كوێی وتاره‌كه‌م ئاماژه‌م به جیاوازیخوازی كرد؟ ئه‌من
كورته‌یه‌كم باسی مێژووی كوردستان و ژنانی كوردستان كرد كه ده‌گه‌ڵ
بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی كورد به‌كرده‌وه هه‌میشه هاوده‌نگ و له‌م
جووڵانه‌وه‌یه‌دا به‌شدار بوون. ژنانی ئێمه بزووتنه‌وه‌ی تایبه‌ت به خۆیان
نه‌بوو، به‌ڵام ناتوانم حاشا له نه‌خشێكی باش بكه‌م كه به‌شێك له حیزبه‌كان
به‌كرده‌وه ده جووڵانه‌وه‌ی ژناندا هه‌یانبووه و له‌وه‌یكه ژنان له
ماڵه‌وه بێنه‌رده‌ر. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌مه له بارودۆخی ڕێژیمێكیشدا
بووبێ، ته‌نانه‌ت خۆی شا{حه‌مه ڕه‌زاشا}ش له‌م بواره‌دا كارگه‌لێكی باشی
هه‌بووه. كه‌وابوو من ناتوانم نه‌خشی باشی كۆمه‌ڵه له‌به‌رچاونه‌گرم.
ماهباز: لێره‌دا بۆ ئێمه (پ‌ك‌ك) سه‌مبولی زه‌بروزه‌نگ و ئیده‌ئۆلۆژییه‌كه‌یان
بۆ دامه‌زرانی ده‌سه‌ڵاتدارێتی زه‌بروزه‌نگه، له ناو ئوڕووپاییه‌كان ئه‌وان
سیمایه‌كی جوانیان نییه. ئێوه ته‌نانه‌ت له‌وان واته له حیزبی كوردیی
توركیا (پ‌ك‌ك)ش تاریفێكی زۆرتان كرد.
ــ بۆ ئێوه ڕه‌نگه سامناك و ڕژد بێ به‌ڵام بۆ من وا نییه، چونكه
بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی كورد ته‌ئسیری ڕاسته‌وخۆی له سه‌ر جووڵانه‌وه‌ی
ژنانی كورد داناوه و كه‌وابوو بزووتنه‌وه‌ی ژنان نه‌یتوانیوه سه‌ربه‌خۆ له
جووڵانه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی كوردستان شكڵ بگرێ. خوازراو و نه‌خوازراو
ئامانجه‌كانیان له سه‌ر جووڵانه‌وه‌ی ژنان شوێندانه‌ر بووه. به هه‌رحاڵ،
ئه‌وان چه‌تی تایبه‌ت به خۆشیان هه‌بوو، به‌ڵام ڕاكێشانی ژنان بۆ مه‌یدان و
مه‌به‌سته‌كانیان به باش داده‌نێم. به كورتی، ژن بوون سته‌مێك و كوردبوونیش
سته‌مێكی تره.
سته‌می نه‌ته‌وه‌یی ده‌كرێ ئاوا بنوێندرێ، ئه‌گه‌ر سبه‌ی ئه‌مركا یا
هه‌ر وڵاتێكی دیكه بێته ئێران و، ئێران به سه‌رزه‌مینی خۆی بزانێ و زمانی
خۆشی فه‌ڕمی بكا و زمانی فارسی له ئاخافتندا بمێنێته‌وه. خوێندن به زمانی
فارسی قه‌ده‌غه بكرێ، مافی خوێند ن و نووسینتان نه‌بێ و هاوكات بوارگه‌لی
ئابووریشتان لێ بستێننه‌وه، ئه‌مریكا زاڵ بێ و ئێوه وه‌ك كه‌مایه‌تییه‌كی ژێر
سته‌م بمێننه‌وه، ئایا پێتان خۆش ده‌بێ؟
ماهباز: دیاره كه‌س پێی خۆش نابێ؟ وه ئه‌و پێناخۆشبوونه بۆ هه‌موو گه‌لانی
ئێرانیشه، من لایه‌نگری ئه‌وه‌م كه ته‌واوی خه‌ڵك بتوانن به زمان و
فه‌رهه‌نگی خۆیان له پاڵ ئاشتی و دێمۆكراسیدا ژیان ڕابوێرن و هه‌ركه‌س بتوانێ
له دیاریكردنی چاره‌نووسی خۆیدا نه‌خشی هه‌بێ.
ــ ده‌ی باشه ئه‌و مه‌سه‌لانه بۆ كوردان، له لایه‌ن ئیدیكه‌وه
هاتووه‌ته‌پێش. هه‌ر ئه‌و حكوومه فارسه دلۆڤانانه ئه‌و به‌ڵایه‌یان به‌سه‌ر
هێناوین. لێره‌دایه كه من ئێژم ئه‌و سته‌مه‌یان ده‌رهه‌ق به ئێمه ئه‌نجام
داوه. تائێسته هیچ ڕێفڕاندۆمێك له پێناو ویستی خه‌ڵكی كوردستان نه‌كراوه،
من زانیارییم نییه كه خه‌ڵك چ وه‌ڵامێك ده‌ده‌نه‌وه وێڕای ته‌واوی ئه‌و
مه‌سه‌لانه‌ی كه به سه‌ر ئه‌م خه‌ڵكه‌دا هاتووه.
ماهباز: من ده‌ڵێم بێڵه ڕێفڕاندۆم هه‌بێ ئه‌گه‌ریش خه‌ڵك چوون به پێی خۆیان
وه‌له‌و جیابوونه‌وه‌یان بوێ، ویستیان وڵاتی سه‌ربه‌خۆیان هه‌بێ كارێك ناكرێ،
به‌ڵام به‌شێك له وڵاتانی سه‌ر به سۆڤیه‌تی پێشوو دوای جیابوونه‌وه تووشی
موشكیله‌یه‌كی زۆر هاتن به زه‌ره‌ریان ته‌واو بوو. ئه‌گه‌ر ئێمه‌ش هه‌قی
ئێوه‌مان خوارد به‌ڵام بێڵه زه‌وی ویشك پشكی ئێوه نه‌بێ كه بتانه‌وێ ئێسته
ئاوه‌دانی بكه‌نه‌وه، لێگه‌ڕێن ئێمه به پشكی خۆمان له نه‌وت و هه‌موو
سامانی نه‌ته‌وه‌یی ئێران بۆ تێهه‌ڵێنانه‌وه‌ی تێ‌بكۆشین. سه‌ربه‌خۆیی
هه‌رێمیی{خودموختاریی} ڕه‌نگه ئه‌و مه‌سه‌له‌یه چاره‌سه‌ربكا؟
ــ من
ناڵێم كه فارسان مافی ئێمه‌یان خواردووه. ئه‌من فارسم خۆش ده‌وێن، من ئێژم
ڕێژیمه‌كان مافی ئێمه‌یان خواردووه، هه‌قی هه‌موومانیان پێشێلكردووه، هه‌قی
توركه‌كان، هه‌قی عه‌ڕه‌به‌كان و گه‌لانی دیكه و ته‌نانه‌ت گه‌لی فارسیش،
بۆچی؟ چونكه خۆیان وه‌ك نوێنه‌ری ئه‌و میلله‌ته فارسه ناساند و مافی ئه‌وانی
دیكه‌یان پێشێل كرد و له‌به‌رچاویان نه‌گرت. من ده‌گه‌ڵ فارسزمانێك زه‌وجاوم و
ژیانێكی خۆشم هه‌یه، له‌وپه‌ڕی دێمۆكراسیشدا ده‌ژیم. به خێزانی زاوایان
زه‌مانێك كه گوتبوو بووك كورده، گوتبوویان كیژی ئه‌ولایی نه‌گری ها. به‌ڵام
دوای دوومانگان بۆیان ده‌ركه‌وت ئه‌من چاكترین بووكیانم.
ماهباز: باشتره له مه‌سه‌له‌ی گه‌لان بێینه‌ده‌ر، منیش ڕێزم بۆ هه‌موو خه‌ڵكی
ئێران هه‌یه و ئاره‌زوومه كه ئه‌وانیش هه‌ر جۆرێك ده‌یانه‌وێ بتوانن
به‌ئازادی چاره‌نووسی خۆیان دیاری بكه‌ن، با بڕۆینه سه‌ر مه‌سه‌له‌ی ژنان كه
له قسه‌كردنه‌كه‌تدا باست كرد: ئێوه وات سه‌باره‌ت به كورده‌كانی عێراق
قسه‌كرد كه گوایه پیاوسالاریی له كوردستان له سۆنگه‌ی ئه‌وه‌وه بووه كه
له ژێر سته‌مدا بوون، پاكتاو كراون و {ده‌نا} پیاوانی كورد به یه‌كسانیی ژن و
پیاو باوه‌ڕی ته‌واویان هه‌یه و ژن له‌و ناوچه‌یه‌دا ئازادن و یان به جۆرێك
ئازادترن! له حاڵێكدا خۆتان له من باشتر ده‌زانن و هه‌ژمار(ئامار)ه‌كانیش
ده‌ریده‌خه‌ن كه له كوردستان خۆسووتاندن و خۆفه‌وتاندنی كچان له ناو
شارگه‌لی وڵاتاندا پله‌ی سێهه‌می هه‌یه، بۆچی مه‌گه‌ر یه‌كێك له ده‌لیله‌كانی
هه‌ر ئه‌و پیاوه مه‌زنانه‌ی ماڵه‌وه نین كه ژنان وه ئامان دێنن؟ ئه‌و
ناكۆكییه چۆن چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ی؟
له خودی عێراقیش كه فیۆداڵیزم حاكم بووه، پێموا نییه پیاوه كورده‌كانی
عێراق له ئێرانییه‌كان له‌پێشتر بن. بۆوێنه، له پێوه‌ندی ده‌گه‌ڵ كورده‌كانی
ئێران، من ده‌گه‌ڵ كورده كرمانشاییه‌كان كه‌مێك ئاشناییم هه‌یه، منیش
ماوه‌یه‌ك له ناو خێزانێكی كورددا ــ كه به قه‌ولی ئێوه ئه‌ولایی بوون ــ
ده‌ژیام. زه‌مانێك له ماڵه ئه‌و كوردانه میوان بووم سه‌فا و وه‌فایه‌كی
زۆرم له‌وان بینی كه له بیرم ناچێته‌وه. به‌ڵام شتێكی دیكه‌شم بینی و،
ئه‌ویش مه‌زنایه‌تی پیاوان له ماڵه‌وه‌یه. ئه‌وان چوار خوشك و برایه‌ك و
ده‌كرێ بڵێین هه‌موو خوێنده‌وار بوون، به‌ڵام باوك و برا خودای ماڵه‌وه بوون!
ئه‌مه نموونه‌یه‌ك و ئیدیكه‌شم زۆر بینی. یان خۆسووتاندنه‌كان و هه‌ژمارێك كه
خۆتان ئاماژه‌تان بۆ كرد: ده‌توانێ له‌پیاوسالاریی سه‌رچاوه‌بگرێ. ڕوانگه و
وێژیاگ سه‌باره‌ت به ژنانی كورد و پیاوانی كوردستان وه‌هایه ده‌ڵێی یه‌كسانیی
ژن و پیاو ساڵانێكه له‌وێدا هه‌بووه و هه‌رده‌ڵێی كوردستان بۆنی پیاوسالاریی
لێ نایێ.
ــ من له ده‌ورانی شادا، ڕوانگه‌یه‌كی ناسیۆنالیستیی سه‌رتربوونی میلله‌تی
فارسم هه‌ست پێده‌كرد كه هه‌میشه باقی كه‌مایه‌تییه نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی
دیكه‌ی ده‌شكانده‌وه و هه‌میشه لاوازییه‌كانی ئه‌وانی زه‌ق ده‌كرده‌وه و
لایه‌نه باشه‌كانی ده‌شارده‌وه و ڕه‌شی ده‌كرده‌وه. دواتریش(پاش شۆڕش) وێڕای
هێمنیخوازێتی ناوچه، دیسانیش ئه‌و ڕوانگه‌یه به‌هێزتربووه و به شێوه‌یه‌كی
دیكه كه‌مایه‌تی مه‌زهه‌بیبوونیش یارمه‌تی پته‌وبوونی ئه‌م ڕوانگه‌یه‌ی داوه.
ئه‌من له ده‌ره‌وه‌ش مه‌یلێكی سه‌یر ده‌بینم كه ده‌گه‌نه باسی
میللییه‌ته‌كان، لاوازی و كرچوكاڵیی و ڕه‌شایه‌تییه‌كان وا گه‌وره
ده‌كه‌نه‌وه و به دوورودرێژی له سه‌ری ده‌ڕۆن و، هیچكات نایه‌ن له سه‌ر
خاڵه باشه‌كان بدوێن و ته‌نانه‌ت فیلمگه‌لێك كه ده‌رهێنه‌رانی خۆمان
ئاماده‌یان ده‌كه‌ن هاووڵاتیی ئێمه یا به شیردۆش و یان به شوان و شتی وا
ده‌ناسێنن.
ماهباز: ئه‌و موشكیلاته له ئاڵمانیش هه‌یه و توركه‌كان له ئاستیدا
ناڕه‌زایه‌تی ده‌رده‌بڕن و ده‌ڵێن ئێمه ته‌نیا نه‌زافه‌تچی و كارگه‌ری
خانووبه‌رسازیی نین! وه..
ــ ئه‌من ڕێزم بۆ ئه‌و چین و توێژانه هه‌یه به‌ڵام له كوردستان
ده‌رسبێژ(مامۆستا) و نووسه‌ر و پزیشك و.. ئیدیش هه‌ن.
ماهباز: بۆوێنه خۆتان كه پزیشك و لێكۆڵه‌ره‌وه‌ن؟
ــ به‌ڵێ من دوكتوری ئازمایشگا(لابراتوار)م، لابراتواری تایبه‌تیم هه‌یه و
خه‌ریكی كاركردنم. من ئینسانێكی ڕۆشنبینم، ئه‌و پێوه‌ندییانه هه‌یه،
پیاوسالاریی هه‌یه. ئه‌گه‌ر ڕوانگه‌گه‌لی سوننه‌تی هێشتا لانه‌چووه له
قه‌راغ ئه‌مه‌وه
N.G.O
هه‌یه كه له ژنان پشتیوانی ده‌كا و پیاوگه‌ل له ترسی
شكایه‌تی ژنان كه‌متر له ژنه‌كانیان ده‌ده‌ن (له چاو زه‌مانی سه‌ددام و
نه‌بوونی ئازادی له كوردستان). ئه‌من گه‌ره‌كم نییه ڕه‌شاییه‌كان
گه‌وره‌بكه‌مه‌وه و به هه‌نده‌رییه‌كان بڵێم چه‌نده به‌دبه‌ختم و ببمه
بابه‌تی فیلمه‌كانیان كه من له شارستانی به‌دوورم. به‌ڵكه ده‌ڵێم ژنێكی
كوردم. فه‌رهه‌نگ و شارستانیشم هه‌یه و كارگه‌لێكی باشیش ئه‌نجام دراوه.
خاتوو مه‌هاباد قه‌ره‌داغی ویست و داخوازیی ژنانی ده‌سته‌به‌ندی كردووه و سێ
ساڵیش له ڕاوێژكاریی ژنانی كورد له به‌شه جۆراوجۆره‌كان كه‌ڵكی وه‌رگرتووه،
ئایا ئه‌وه گه‌شه و پێشكه‌وتن نییه؟ ژنی كورد ئه‌وه‌نده‌ی ئاگایی هه‌یه كه
ده‌زانێ چ ده‌وێ، زۆربه‌ی ڕۆشنبیرانی ئێمه‌ش ئه‌غڵه‌ب ده‌پرسن ئێوه ژنانی كورد
چیتان ده‌وێ، من له وه‌ڵامدا ویست و داخوازییه‌كان مه‌تڕه‌ح ده‌كه‌م. ئێستاكێ
له تاران
N.G.Oكان
گه‌ره‌كیانه له داخوازییه‌كان بكۆڵنه‌وه و دیاریان بكه‌ن. ئایا هه‌ر ئه‌و
ڕوانگه زاڵه‌ی به سه‌ر كورددا كه ڕوانه‌گه‌یه‌كی به‌دبه‌خت و لێقه‌وماودیتن
بووه، ده‌بێ ببێته له‌مپه‌ری ئه‌مه كه ژنانی تر فكربكه‌نه‌وه كه ده‌ی
باشه ئێسته ژنانی كورد هه‌نگاوی باشیان ڕه‌نگه چه‌ند ڕۆژ به‌ر له ئێمه
هه‌ڵێنابێته‌وه؟ بۆچی نابێ ئێمه ئه‌وانه ببینین؟ به‌ڵێ ژنگه‌لێكیش هه‌ن
خۆده‌سووتێنن به‌ڵام ئێمه‌ی دوكتوریش هه‌یه‌ن كه له ناویانداین.
ماهباز: ئایا پیاوسالاریی له ناو خێزانه كورده‌كاندا زاڵه؟
ــ سروشتی یه پیاوسالاریی هێشتا هه‌یه و ئێمه خه‌ریكین له دژی ئه‌م
فه‌رهه‌نگه تێده‌كۆشین. ژن و پیاوی كورد له دژیدا خه‌بات ده‌كه‌ین. هه‌بوونی
پیاوسالاریی نابێته هۆی ئه‌وه كه سه‌ر بۆ ئه‌م بارودۆخه دانوێنین.
فه‌رهه‌نگی پیاوسالاریی هه‌یه، له‌ولاوه وێنه‌ی باوكی منیش هه‌یه كه
هه‌رگیز به‌ینی كوڕ و كچ فه‌رقێك قایل نه‌بووه. باوكم حقوقی خوێندووه و
كه‌سێكی ڕۆشن و ئاگایه و، من ژیانم و باوه‌ڕبه‌خۆبوونم قه‌رزداری دایكوباوكمم.
به‌ڵام له ده‌ره‌وه‌ی خێزانی من، پیاوسالاریی بێداد زۆره.
من دوای ته‌واوبوونی خوێندنم له ڕشته‌ی پزیشكی زانستگای مه‌شهه‌د
گه‌ڕامه‌وه شاری خۆم له كوردستان. ڕێژه‌ی پیاوانی سه‌رلێده‌ر بۆ ڕاوێژكردن
له ژنان زۆرتر بوون. من ته‌نیا دوكتوری ئازمایشگاییان نه‌بووم، دوكتوری
ڕاوێژكاریی خێزانیشیان بووم. جارجار له شوێنی كاره‌كه‌م ده‌گه‌ڵ بوونی لچكه و
مانتۆ(عه‌با)، نه‌خۆشه‌كان منیان به ئاغای دوكتور بانگ ده‌كرد. له‌وانه
به‌شێك له پیاوه‌كان ده‌یانگوت له ڕاوێژكاریی ده‌گه‌ڵ من مه‌سه‌له‌ی
جینسێتییان فه‌رمۆش كردووه و وه‌ك جینسی هاوچه‌شن قسه‌ده‌كه‌ن.
ماهباز: له سه‌تا چه‌ندی ژنان وه‌ك تۆ فكر ده‌كه‌نه‌وه، ژنانێك كه خۆ به
مه‌سه‌له‌ی تایبه‌تیی ژنانه‌وه خه‌ریك ده‌كه‌ن؟
ــ ژنانی زۆر دیار و چالاك ڕه‌نگه به قه‌را قامكی ده‌سه‌كانیشم نه‌بن.
پێوه‌ندیی من ده‌گه‌ڵ كورده‌كانی ده‌ره‌وه‌ی كوردستان زیاتره. چونكه بۆ
ئێمه‌ی ژنانی كورد ئه‌سڵه‌ن كوردستان دابه‌ش نه‌بووه و هه‌موومان كوردین، وه‌ك
ماڵێك چه‌ند هۆده‌ی هه‌بێ. بۆوێنه كاتێك بچمه سوله‌یمانی، ده‌ڵێم چوومه
ئه‌ودیوی كوردستان. من ده‌گه‌ڵ ئه‌وان بۆوێنه ده‌گه‌ڵ مه‌هاباد قه‌ره‌داغی
پێوه‌ندییه‌كی زۆرترم هه‌یه. كورده‌كانی كوردستانی باشوور ته‌واوی
نووسراوه‌كانی من ده‌خوێننه‌وه و منیش ئی ئه‌وان ده‌خوێنمه‌وه.
ماهباز: ئایا ئه‌و نووسراوانه به زمانی كوردین؟
ــ به‌ڵێ به زمانی كوردی ده‌نووسم. باوه‌ڕم وایه وه‌ك ژنانێك كه مووه‌كانیان
ده‌ڕازێننه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ده‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی دژی مووڕازاندنه‌وه‌ن خه‌بات
بكه‌ن (ئاماژه به قسه‌ی نارین كاشانی، كچه ئێرانییه‌ك كه له كۆوێژی
نه‌سله دوهه‌مییه‌كاندا به‌شداری كردبوو)، منیش به كوردی ده‌نووسم بۆ
ئه‌وه‌یكه ده‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌ی نایانه‌وێ ئه‌ده‌بیاتی زمانی من له
ئارادابێ، خه‌بات بكه‌م.
چون زمانی فارسی ته‌نیا زمای فه‌ڕمی (ڕه‌سمی)ی وڵاته، من ته‌واوێك
زه‌جرم كێشا تا زمانی خۆم كوردی فێربووم. سێ ساڵی ته‌واوم كاركرد تا چاك
نووسینی كوردی فێربووم. خه‌ت (ڕێنووس)ی كوردی ئه‌سڵه‌ن فێری من نه‌كراوه، له
نووسین و خوێندنه‌وه‌ی زمانی دایكییم دژواریم هه‌بوو و هێژیش كه‌مێكم هه‌یه.
ماهباز: ئاگایی ژنانی كورد له چ ڕاده‌یه‌كدایه؟
ــ به‌داخه‌وه لاوازه، ژنانی كوردستانی خۆمان…
ماهباز: له بنه‌ماڵه‌ی پیاوسالارییدا ده‌گه‌ڵ كچان هه‌ڵسوكه‌وتێك ده‌كرێن كه
باوك كۆڵه‌كه و درێژه‌ده‌ره…
ــ به‌ڵام گۆڕانكارییه‌ك هه‌ر ئێسته ته‌قریبه‌ن له شاره جۆراوجۆره‌كان
هاتووه‌ته‌ئاراوه، له هه‌ر شارێكی كوردستان
N.G.Oگه‌لێكی
تایبه‌ت به ژنان هه‌یه. دروسته وه‌ك سوله‌یمانی و شاره گه‌وره‌كانی دیكه
نییه به‌ڵام چالاكییان به قازانجی ژنانه. به هه‌رحاڵ هه‌وڵ و ته‌قه‌لا و
كۆششێك هه‌یه كه له داهاتوودا باشتر ده‌بێ و ئێمه ڕۆژ ده‌گه‌ڵ ڕۆژ
به‌ره‌وپێشه‌وه ده‌چین. هێشتا چاپه‌مه‌نیی تایبه‌ت به خۆمانمان نییه، به‌ڵام
داوامان كردووه و هێژ جواب نه‌هاتووه‌ته‌وه. ئه‌من توانیومه ده‌گه‌ڵ
حه‌وته‌نامه‌یه‌ك كاربكه‌م و یه‌كدوو لاپه‌ڕه‌ی تایبه‌ت به ژنانم هه‌بێ.
ماهباز: ئایا ده‌گه‌ڵ ژنانێك كه فارسزمانن پێوه‌ندیت هه‌یه؟
ــ هێشتا نا، هه‌راو نییه. به‌ڵام له‌م سه‌فه‌ره‌دا كه كردم ده‌گه‌ڵ كه‌سانێك
ئاشنابووم كه بتوانم پێوه‌ندی بگرم و ئیڕتیباته‌كان نزیكتر بكرێنه‌وه، ئه‌و
كۆنفڕانسه هه‌وڵ و ده‌رفه‌تێكی باش بوو كه پێوه‌نییه‌كی زۆرترمان هه‌بێ. چون
تا ده‌گه‌ڵ یه‌ك ئیڕتیبات نه‌گرین نه ئێوه من ده‌ناسن و نه منیش ئێوه و، تا
ئه‌و باسانه‌ش نه‌بن ئه‌م تێگه‌یشتنه هاولایانه به‌دینایه‌ن.
ماهناز: چ باش ده‌بێ كه نووسین ته‌رخانی زمانی كوردی نه‌كه‌ن. نووسین له
سایته‌كان و ڕۆژنامه ئێراییه‌كان، زانیاری له بیروبۆچوون و بارودۆخی ژنانی
كورد باعیس ده‌بێ تێكه‌ڵاویمان زۆرتر بێ. ڕه‌نگه بكرێ بۆ كوردستانی ئێران،
چاره‌سه‌رییه‌ك له چوارچێوه‌ی ئێرانزه‌میندا وه‌دۆزرێ.
ــ خه‌ریكم نووسین به زمانی فارسیش ده‌ست پێبكه‌م. وه‌ك ئینسانێك كه ئه‌و
ئینسانه ژنه و له ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست و له كوردستان له دایك بووه، چ
بخوازن و چ نه‌خوازن ئینسانێكه، به‌گیان و به‌دڵ زۆرم خۆش گه‌ره‌كه كه
خاوه‌نی وڵاتێك بم كه تێیدا ته‌واوی مافه‌كانی خۆم له ئاراداهه‌بێ، به‌ڵام
ئه‌وه‌نده‌ش مه‌نتیقیم كه ببینم له جیهانی ئه‌وڕۆدا كه خه‌ریكه هه‌ر ئه‌و
سنووره له ئارادابووانه‌ش به كرده‌وه پاكده‌بنه‌وه ڕه‌نگه پێویست نه‌بێ
جه‌غزێك به ده‌وری خۆمدا بكێشم. ئێمه خوازه‌ری مافه ئینسانییه‌كانین بۆ
هه‌موو مرۆڤه‌كان كه ڕێزیان لێ بگیرێ و هه‌موو لێی به‌هره‌مه‌ند بن. هیچكه‌س
زوڵم له هیچكه‌س نه‌كا. زوڵمێك كه له كوردان ده‌كرێ چ فه‌رقێكی هه‌یه
ده‌گه‌ڵ زوڵمێك كه له ژنان ده‌كرێ؟ چ فه‌رقێك هه‌یه له نێوان سته‌مێك كه
سپیپێسته‌كان به ڕه‌شپێسته‌كانی ڕه‌وا ده‌بینن؟
ئه‌من ده‌ڵێم موشكیلاتێك له ئارادایه كه فێمینیستێكی كورد هه‌یه‌تی،
ئه‌وه شتێكه كه ڕه‌شپێسته‌كانیش ده‌ریده‌بڕن كه موشكیلی ئێمه‌ی ڕه‌شپێسته
فێمینیسته‌كانیش ده‌گه‌ڵ سپیپێسته‌كان وه‌ك یه‌ك نییه. له عه‌ینی ژن‌بوون و
مه‌سه‌له هاوبه‌شه‌كاندا، شوێنێكیش دیارده‌كه‌ون كه مه‌سه‌له‌كانمان له یه‌ك
جیا ببنه‌وه. له كوردستان، گه‌شه‌ی ئابووری ــ سیاسی نه‌بووه و نییه،
ناهێڵن كارخانه‌یه‌ك دابمه‌زرێ. دایكی كورد ده‌بێ بێڵێ جگه‌رگۆشه‌كه‌ی بۆ
چواركوته بلوور بچێته ئه‌ودیوی سنوور كه زۆرجاران یان ده‌كه‌وێته سه‌ر مین
و یان به گولله ده‌پێكرێ. به‌ڵام دایكێكی یه‌زدی كه منداڵه‌كه‌ی ده‌كێشرێته
كاری ناو كارخانه ده‌گه‌ڵ مه‌سه‌له‌ی بێكاری كه‌متر ڕووبه‌ڕووه، ئایا ئه‌و
وه‌ها موشكیلێكی هه‌یه؟
ماهناز: دیاره كه نییه‌تی، به‌ڵام هه‌میشه من فكر ده‌كه‌مه‌وه ئه‌گه‌ر
كوردستان ڕۆژێك له ئێران جیابێته‌وه خه‌ڵكی كورد ده‌گه‌ڵ ئه‌و زه‌وییه ویشك
و به‌یارانه چ ده‌توانێ بكا؟
ــ ئێمه ناگه‌ینه ئه‌و ڕۆژه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ناچاربین كه ئه‌و ڕۆژه ببینین
ئه‌من پێم باشتره له زه‌وی ویشك و به‌یاردا بژیم به‌ڵام سووكایه‌تیم پێ
نه‌كرێ. له پاڵه‌وه ئه‌رخه‌یانم هه‌ر ئه‌و زه‌وی ویشك و برینگانه كه
ڕێژیمه‌كان به‌یاریان هێشتووه‌ته‌وه، هه‌ر له‌م خاكانه‌دا سه‌روه‌ت و سامانێكی
پڕپیت حه‌شاردراوه، وه ئه‌زقه‌زا ناوچه‌یه‌كی زۆر به‌یاره و ده‌توانێ توریست
بۆ لای خۆی ڕابكێشێ و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و كازانێكی گه‌ره‌كه كه دڵی بۆ ئه‌م
ئاووخاكه بسووتێ.
پێشتریش گوتم، ئه‌من ژنم، ئینسانم، كوردم، فێمینیستم و گه‌ره‌كمه مافی
خۆم هه‌بێ، ئایا بۆم نییه مافی خۆم هه‌بێ؟
ماهباز: له كۆمه‌ڵگایه‌كی دێمۆكراتیكی فێدراتیڤ، له وێنه‌ی هه‌رێمه‌كانی
ئاڵمان‌دا، بڕیاره‌كان زۆر دێمۆكراتیكی ده‌درێن. بۆوێنه له هه‌رێمێك له شاری
كۆڵن، سه‌باره‌ت به له‌چكه بڕیاریان دا له مه‌دره‌سه سه‌ره‌تاییه‌كاندا
له‌چكه قه‌ده‌غه بكرێ به‌ڵام هه‌رێمه‌كان ئه‌وه‌یان به مه‌ده‌ره‌سه‌كان
ئه‌سپارد كه بڕیاربده‌ن له‌چكه هه‌بێ یان نا.
ــ من
گه‌ره‌كمه ده‌وڵه‌تێكی فێدراتیڤ هه‌بێ، فێدراتیڤی كورد هه‌بێ، من ده‌مه‌وێ
به‌رپه‌رسی كاره‌كان بۆخۆمان هه‌ڵبژێرین، نه كابرایه‌ك له گونده‌كانی
ئیسفه‌هان یان ئوستانه‌كانی تر، كه بێ و كاره‌كانمان ڕاپه‌ڕێنێ! ئێمه
نامانه‌وێ هاووڵاتیی شیاوی ئێمه به خاتری سوننیبوون و كوردبوون نه‌بێته
فه‌رماندار و له جیاتی وی كه‌سێك كه ده‌وڵه‌ت ڕوون نییه له كوێ ڕا
ده‌یانهێنێ، بێ و باره‌كانی به ماڵ و ڕووتاندنه‌وه‌ی خه‌ڵك تێكه‌وه‌پێچێ و به
ساكی ئه‌وهایی و كامیۆنی هاكه‌زایی سه‌فه‌ر بكا و بگه‌ڕێته‌وه.
ماهباز: دوا پرسیارم ده‌مه‌وێ بیروڕاتان سه‌باره‌ت به‌م كۆنفڕانسه بزانم؟ چ
گۆشه و بابه‌تگه‌لێكتان بۆ عه‌نتیكه بوو؟
ــ ته‌جره‌به‌ی یه‌كه‌می من بوو، به‌ڵام ته‌جره‌به‌یه‌كی شیرن بوو. پێوه‌ندی
ده‌گه‌ڵ ژنانێك بوو به بیروبۆچوونی جۆربه‌جۆر، ئه‌من پێم خۆش بوو. به ڕای من
كۆنفڕانسێكی زۆر سه‌ركه‌وتووانه بوو و ئه‌م هه‌ه‌لی ڕه‌خساند بیروڕا و
ڕوانگه‌ی جۆراوجۆر بگوترێ و ده‌گه‌ڵ زۆر كه‌سانیش ئاشنا بووم.
پێمخۆشه ساڵی دیش دووباره بێمه‌وه و مه‌سه‌له گه‌ڵاڵه‌كراوه‌كانی
كۆنفڕانس له چاپه‌مه‌نییه‌كاندا بنووسم. ئه‌من له كانگه‌ی دڵه‌وه سپاسی
به‌ڕێوه‌به‌رانی كۆنفڕانس ده‌كه‌م كه له ئاكامی زه‌حمه‌ت و كۆششه دۆستانه‌ی
ئه‌وان بوو كه توانیم به‌شداربم.
شوێنی گفتوگۆ:
بونیادی لێكۆڵینه‌وه‌كانی ژنان ــ كۆنفڕانسی پازده‌هه‌م، بڕلێن
وێڕای سپاس و ئاره‌زووی سه‌ركه‌وتن بۆ روئیا تلووعی ــ كۆڵن: عیفه‌تی ماهباز
• ئه‌و
وتاره له ماڵپه‌ڕی
(مێدیا) وه‌رگیراوه و له زمانی فارسی ڕا
كراوه‌ته كوردی ــ س. چ هێرش.